|
|
|
|
|
مانشێت نیوز، ئیمراڵی: له دیداری چوارشه‌ممه‌ی ئه‌م حه‌وته‌ی ئۆجه‌لان و پارێزه‌رانی دا، ناوبراو باس له ره‌وشی خه‌راپی ته‌ندروستی خۆیده‌کات وده‌ڵێ که "پزیشکانێک که سه‌ردانی منیان له ئیمراڵی کردووه، پێیان ڕاگه‌یاندووم که له ده‌میه‌وه، بۆری هه‌ناسه‌کێشانی تا ده‌گاره سیه‌کان، ئیفلاسی کردووه و خه‌ریکه له‌ناو ده‌چێت". عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، ڕێبه‌ری گیراوی پ.ک.ک له گرتووخانه‌ی تاکه‌که‌سی له دوڕگه‌ی ئیمراڵی ناو ده‌ریایی ئێژه، له لێدوانی ئه‌م حه‌وته‌یه‌یی بۆ پارێزه‌رانی باس له ناله‌باری ره‌وشی ته‌ندروستی خۆیده‌کات و ده‌ڵێ که پێش ئه‌وه‌ی وه‌فدی پزیشکان و نوێنه‌رانی ڕێکخراوی جیهانی دژ به ئه‌شکه‌نجه سه‌ردانم بکه‌ن، وه‌فدێک له پزیشکانی تورکیش هاتوونه‌ته ئیمراڵی و من کێشه‌کانی هه‌ناسه‌کێشانی خۆم بۆ شی کردوونه‌ته‌وه که پێیان گوتووم که "بۆری هه‌ناسه‌کێشان تا سیه‌کانی، ئیفلاسی کردووه و به‌ره‌وه له‌ناوچوونه و بۆیه‌ش پێویسته ره‌وشێکی له‌بار و که‌ش و هه‌وایه‌کی خاوێنتر و موناسب بۆی فه‌راهه‌م بکرێت. ناوبراو ده‌ڵێ که به هۆی ئه‌م کێشه‌یه، پزیشکان جۆرێک سپرێیان پێ داوم و که‌ڵکی لێوه‌رده‌گرم و له‌و کاته‌وه‌یه که ده‌توانم بۆن بکه‌م و هه‌ندێک ئاسانتر هه‌ناسه بکێشم. ئۆجه‌لان که له دیداری ئه‌مجاره‌ی دا زۆرتر باس له ره‌وشی خۆی له گرتووخانه‌ی ئیمراڵی ده‌کات، دێته سه‌ر باسی ئه‌وه که 24 کاتژمێری شه‌وانه ڕۆژ، له ژێر چاوه‌دێری کامێرا دایه و جگه له‌مه‌ش، گاردیانه‌کان به‌مه دڵیان ناحه‌سێته‌وه و له کونی ده‌رگا و له پشت په‌نجه‌ره‌وه سه‌یری ده‌که‌ن، تا بزانن چی ده‌کات و چی ده‌خوێنێته‌وه و ئه‌مه له کاتی خه‌وتنیشی دا به‌رده‌وامه و ئۆجه‌لان به قسه‌ی خۆی ده‌ڵێ که ئه‌م بارودۆخه زۆری ناڕه‌حه‌ت ده‌کات و له‌مانه‌ش گرینگتر، جار نا جارێکیش، به هۆی لێدوانه‌کانی سزای ژووری تاکه‌که‌سی پێ ده‌درێ و ئه‌مه‌ش زۆری عاجز ده‌کات و ده‌ڵێ که پێی سه‌یره و نازانێ که مه‌به‌ستی حکومه‌ت له‌م هه‌مۆ گووشاره چیه که 9 ساڵه بۆی دێنێت و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که هه‌وڵی نه‌داوه هیچ کێشه‌یه‌کی ئاسایشی له گرتووخانه‌که هێنابێته پێش. ئۆجه‌لان باس له‌وه‌ش ده‌کات که رۆژی هه‌ڵبژێرانی "عه‌بدوڵا گوڵ" به سه‌رۆکایه‌تی کۆمار، سزای ژووری تاکه‌که‌سی 20 رۆژه دراوه به ناوبراو ده‌شڵێ که ئه‌ردۆغانی سه‌رۆک وه‌زیر ئاگاداری هه‌موو گۆشه‌گیری و سزادانه‌کانی منه و ڕه‌خنه‌یی توندیش له ئاکه‌په ده‌گرێ که پێشی عه‌سکه‌ری ئاوه‌ڵا کردووه و ته‌نیا به مه‌به‌ستی ڕاگرتنی خۆی له ده‌سه‌ڵاتی تورکیا، به ئه‌رته‌ش ده‌ڵێ له به‌رانبه‌ر کوردان دا چی ده‌که‌ن با بیکه‌ن و ڕێگه بۆ ته‌سفیه و پاڵاوتنی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی کوردی خۆش ده‌کات و ئه‌مه‌ش هه‌منا روانگه و تاکتیکه که تانسۆ جیله‌ر و دۆغان گوڕه‌ش ئه‌نجامیان دابوو له ڕابردوو دا. ئۆجه‌لان دێته سه‌ر باسی "مه‌هه‌مه‌د مه‌تینه‌ر" ڕۆژنامه‌وانی به ره‌گه‌ز کوردی ئێستا و سیاسه‌تمه‌داری پێشوو که له به‌رانبه‌ر هه‌ندێک ئیمتیاز دا، به (نوێنه‌رایه‌تی ئاکه‌په سه‌ردانی سلێمانی ده‌کات) و ده‌کرێته سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌یه‌ک و کاتی خۆی له ده‌هاپ دا ئه‌رکی ته‌سفیه‌کردنی بزووتنه‌وه و پارتیه‌که‌ی ده‌دا و ئۆجه‌لان هه‌روه‌ها "عه‌بدولمه‌لیک فورات"یش دێنێته به‌ر باسی خۆی و ده‌ڵێ کاتی خۆی سه‌ردانی منی کردووه و گووتوویه‌تی که من دیداری سه‌رفه‌رمانداری ئه‌رته‌ش و ده‌میرێلم کردووه و هاتووم بمکه‌ی به سه‌رۆکی ده‌هه‌په و منیش گووتوومه که من که‌سێکی دێمۆکراتم و بچوو بۆ ناو ته‌شکیلاتی پارتی و ده‌نگ بێنه‌وه و ببه به سه‌رۆکی پارته‌که و ده‌ڵێ که ئه‌م باسانه پێویسته له لایه‌ن ده‌ته‌په‌وه بزانرێ و باسیان لێوه‌بکرێ. عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ده‌ڵێ که مسته‌فا که‌ماڵ ئاتاتورک لایه‌نگری چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی له‌گه‌ڵ کوردان بوو و ئه‌و کات حه‌زی ده‌کرد و هه‌ڵوی ده‌دات کێشه‌ی کورد چاره بکات و پاشانیش له زمانی ئاتاتورک باس له‌وه ده‌کات که فێدراسیۆن چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد ناکات و بۆ وێنه مسته‌فا که‌ماڵ جارێک نموونه‌ی کوردانی کۆنیا دێنێته‌وه و ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر له باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا ئه‌یاله‌تی فێدراڵی کورد هه‌بێت، ته‌کلیفی کوردانی شوێنه‌کانی تر وه‌کو کۆنیا له ناوه‌ندی تورکیا چی ده‌بێت؟ ئۆجه‌لان، ڕێبه‌ری گیراوی پ.ک.ک داوا له کوردان ده‌کات که ڕێکخراوه‌کانی سیڤیل و دێمۆکراتیک سازمان بده‌ن و هاوڵاتیان و چالاکن له نێو ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی دا ڕێک بخه‌ن و پێشنیار ساز کردنی ده‌یان فۆند و دامه‌راوه‌ی که‌لتووری، ئابووری، ژینگه پارێزی،ڕێکخراوی ژنان، که‌لتوور و زمانی و هتد ده‌کات و هه‌ندێکیش لێدوان سه‌باره‌ت به ئیسلامی سیاسی و مێژوویه‌که‌ی ده‌دات. ناوبراو ده‌ڵێ که تورکیا بێ کورد ناتوانێ درێژه به ژیانی سیاسی خۆی بدات و له باسی پارته‌کانی ناو سیاسه‌تی تورکیاش دا ئاماژه به پارتی کۆماری گه‌ل ده‌کات و به پارتێکی له‌ناوچوونی وه‌سفده‌کات و جه‌خت له سه‌ر پشتیوانی ده‌ره‌کی له ئاکه‌په ده‌کات و پاشان به ئه‌ڕدۆغان ده‌ڵێ که ڕاستیه‌کان ببینێ و کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکات و هۆشداری پێده‌دات که به کۆنترا گه‌ریلا و حیزبوڵا و ئه‌رته‌ش و شه‌ر ناتوانێ کۆتایی به بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازی کوردی بێنێت و له کۆتاییش دا پیرۆزبایی جه‌ژنی ره‌مه‌زان له موسوڵمانان و گه‌لی کورد ده‌کات.
|
||
|
+
جمعه 30 شهریور1386:
>مافی ئه‌م هه‌واڵه پارێزراوه بۆ: ئاژانسی ده‌نگوباسی مانشـــێت
|
||